Alkoholhjälpen Sydkurdiska

ڕاستی دەربارەی ئەلکهول و تەندروستی

هەتا بێت خەڵکێکی زیاتر بە بەردەوامی خواردنەوەی ئەلکهولی ئەخۆنەوە و بە ئەندازەیەکی گەورەتر لە پێشتر. زوربەی جاران ئەلکهول بە ئاهەنگ و حەسانەوەوە گرێ ئەدرێت، بەڵام هەروەهاش بە حەیاچوون و نشووستیهێنانەوە کاتێک کە مرۆڤ ناتوانێت کۆنتڕۆڵی بەکارهێنانی ئەلکوهول بکات.

ئەوە ئاسانە کە باوەڕ وابێت کە کێشەی ئەلکهول تەنها دووچاری کەسانی تر ئەبێت. زوربەی جاران کێشەی ئەلکهول بە کێشەی کۆماڵایەتییەوە گرێ ئەدرێت، وەک بێکاریی یان بێ نیشتەجێی. بەڵام زوربەی ئەوانەی کە ئەلکوهول زۆر ئەخۆنەوە بەدەگمەن کێشەی وایان هەیە کە لە دەرەوە دیار بێت. هەروەکو ئەو مرۆڤانەی کە جگەرە ئەکێشن، زۆر ئەخۆن یان زۆر کەم مەشق ئەکەن، ئەوا زوربەی ئەوانیش تا ڕادەیەک ژیانێکی ئاسایی ، لەگەڵ خێزان، برادەران و شوێنی نیشتەجێبوون ئەژین.

نیزیکەی یەک ملیۆن مرۆڤ لە سوید خوی ئەلکوهول خواردنەوەیان بە شێوەیەکە کە مەترسی زیاتربۆ گەیاندن بە کێشەی تەندروستی و زیانپێگەیشتن هەروەها ئالوودەبوون بە خواردنەوەی ئەلکوهول دروست ئەکات. زوربەی هەرە زۆری ئەوانە بەسەرهاتیان ئەوە نییە کە زۆر ئەخۆنەوە و بیر ناکەنەوە لەوەی کە ئەلکوهول لەوانەیە بیان گەیەنێ بە کێشەی تەندروستی – بەڵام کەچی کاریگەریی لەسەر جەستەیان هەر ئەبێت. تۆ ئەتوانیت لەم دەقە نووسراوەدا خوێندنەوە لەسەر ئەوە بکەیت کە چۆن ئەوە ڕووئەدات.

ئایا چەند زۆر ئەلکوهول مەترسی تێدایە؟

بوونی مەترسی لە بەکارهێنانی ئەلکوهولدا ئەوەیە کە تۆ ١٤ پەرداخ یان زیاتر لە هەفتەیەکدا بخۆیتەوە، ئەمە ئەگەر پیاو بیت یاخود ٩ پەرداخ یان زیاتر لە هەفتەیەدا بخۆیتەوە ئەگەر ژن بیت. خواردنەوە تا سەرخۆش بوون هەردەم مانای ئەوەشە کە مەترسی دروست ئەبێت ئەگەر تۆ وەک پیاوێک زیاتر لە ٤ پەرداخ بخۆیتەوە، زیاتر لە ٣ پەرداخ وەک ژنێک لە یەک و هەمان ڕێککەوتا بخۆیتەوە، یاخود ئەگەر ڕێژەی هەزاری(پرۆمیللە) لەسەرو ٠،٦ لە خوێندا هەبێت، ئەوا بە سەرخۆشی هەژمار ئەکرێت بەبێ ڕەچاوکردنی ئەوەی کە تۆ هەست بەسەرخۆشی بکەیت یان نا. ئەگەر تۆ کەمتر لەو ئەندازانەی لای سەرەوە ئەخۆیتەوە ئەوا بە بەکارهێنانی ئەلکوهول بە ئەندازەی مامناوەند هەژمار ئەکرێت.

پەرداخێک بەرامبەر بە پوتڵێکی بچووکی بیرەی بەهێز(٣٣ سەنتیلیتر)ە.
پەرداخێک شەراب (١٠- ١٥سەنتیلیتر)ە یان پێکێک/شۆت کە ٤ سەنتیلیتری خواردنەوەی سەرخۆشکەر بێت.
بیرەیەکی بەهێز کە نیو لیتر (٥٠سەنتیلیتر)بێت بەرامبەری ١،٥ پەرداخە.
بوتڵێک شەراب (٧٥ سەنتیلیتر) ٦ پەرداخی تێدایە.
بوتڵێک خواردنەوەی سەرخۆشکەر (٧٥ سەنتیلیتر) ١٨ پەرداخی تێدایە.

ئایا ئەکرێت خواردنەوەی تۆزێک ئەلکهول بۆ تەندروستی باش بێت؟

زۆر کەسان خوێندویانەتەوە کە بەکارهێنانی مامناوەندییانەی ئەلکوهول لەوانەیە ئەسلەن بۆ تەندروستی باش بێت. مرۆڤ لەو باوەڕەدان کە کەسانی پیر کە ئەندازەی کەم ئەلکوهول ئەخۆنەوە لەوانەیە مەترسی کەمیان بۆ نەخۆشییەکانی دڵ – و دەمارەکانی خوێن و شەکرە هەبێت. ئەمڕۆ توێژەرەکان کۆکنین کە ئەلکوهول لە ڕاستیدا کاریگەرییەکی وا پارێزەری هەبێت. ڕاستیەکە ئەوەیە کە ئەلکوهول هەر زۆر کاریگەریی لاوەکی زیانبەخشی هەیە بۆ ئەوەی وەک پێشنیازێک بۆ تەندروستی بدرێت.

خواردنەوەی مامناوەدیی بێ ئەوەی سەرخۆش بیت مانای ئەوەیە کە تەنها مەترسی بچووکی دەرمانی هەیە، ئەمە بە مەرجێک تۆ دووگیان، نەخۆشی خەمۆکی، یان نەخۆشیەکی جگەر یان دەرمانێ کە هەندێک تەنی ساڕێژکەری تێدایە نەت بێت. ئەگەر وابوو، ئەوسا نابێت هەرهیچ بخۆیتەوە.

ئایا کاریگەرییکردن لەسەر مرۆڤ چۆنە کاتێک کە مرۆڤ ئەلکوهول ئەخواتەوە؟

ئەگەر مرۆڤ لە شەوێکی شەممەدا بچێتە باڕێک، ئەوا ڕێی پێدەچێت کە زۆر لەوانەی کە مرۆڤ بەرەڕوویان ئەبێتەوە لەسەرو ٠،٨ پرۆمیللە ئەلکوهولی لە خوێندا هەبێت. بەڵام تاقیکردنەوە توێژەرەوەکان هەن کە ئەوەیان نیشانداوە کە مرۆڤ حاڵەتی پێش تێپەڕاندنی ٠،٥ پڕۆمیللە دۆخی باشترینە. ئەو هەڵەیەی کە ئێمە زوربەی جاران ئەیکەین ئەوەیە کە ئێمە لەو باوەڕەداین کە ئەگەر زیاتر بخۆینەوە ئەوەندەی تر کەیف ئەبینین، سەرباری ئەوەی کە پێشتر وای دەرخستووە کە هەڵەیە. تۆ لێرەدا ئەتوانیت ببینیت کە چۆن هەست و ڕەفتار کاریگەریان * لە ڕێژە جیاوازەکانی پڕۆمیللە لە خوێندا لەسەر ئەکرێت.

٠،٢ پرۆمیللە: یەکەم کاریگەریی ئەلکوهول هەستی پێئەکرێت. تۆ هەست بە گەرمی ، خاوبوونەوە و بەغیرەتی ئەکەیت. ڕەخنەلەخۆگرتن کەمئەکات.

٠،٥ پرۆمیللە: تۆ هەست بە شاگەشکەبوون ئەکەیت و جڵەوگرتنی هەست بەرت ئەدات. کاردانەوەکانت لەسەرەخۆتر ئەبن و تۆ دیقەتدانت بۆ جووڵانەوەکانت کەم ئەبێت. مەزەنەت لێڵ ئەبێت و توانستی تۆ بۆ وەگرتنی زانیاریی خراپتر ئەبێت.

٠،٨ پرۆمیللە: تۆ دەنگ بەرز ئەبیت و لە جووڵانەوەکانتا بژوبڵاو ئەبیت. تۆ لە باری ئاسایی خراپتر ئەبینیت. تۆ بۆنی ئەلکوهولت لێ دێت و زیادڕەو لە خۆت دڵنییایت.

١،٠ پرۆمیللە: تۆ ئەی بڕسکێنیت(بڵمەبڵم ئەکەیت) و لە کۆنتڕۆڵکردنی ماسوولکەکان و هەستەکانت خراپتر ئەبیت.

١،٥ پرۆمیللە: ڕاگرتنی بەڵانس دەست بە خراپبوون ئەکات و تۆ لەوانەیە بکەویت. تۆ لەوانەیە هەستهەڵچوونت بۆ بێت و دڵتێکچوونت تووش بێت.

٢،٠ پرۆمیللە: تۆ بەلاتەوە زەحمەتە قسە بکەیت و بە پێوە بڕۆیت. تۆ دەبڵ (دوانە) ئەبینیت.

٣.٠ پرۆمیللە: تۆ حاڵی نابیت چی ڕووئەدات وئەبێت و لە سنووری بێهۆشیدایت.

٤،٠ پرۆمیللە: تۆ بێهۆشیت. تۆ خاو هەناسە ئەدەیت و مەترسی ئەوەت لەسەرە کە بە ژاراویبوون بە ئەلکوهول بمریت.

زەحمەتە بگوترێت کە کاریگەیی ڕێژەی پرۆمیللە لەسەر تاکە کەسێک چەندە، چونکە ئەوانەی کە زۆر و ماوەیەکی درێژخایەنە ئەلکوهول ئەخۆنەوە * بەرگرییان بۆ ئەلکوهول گەشەپێداوە و بەو زۆرییە کاریگەرییان لەسەر نییە. بیر لەوە بکەرەوە کە مەترسی زیانبێگەیاندنەکانی پەیوەند بە ئەلکوهولەوە و کێشەکانی تەندروستی بەوە کەم ناکات کە مرۆڤ ئاستی بەرگریی بەرزتر بووبێتەوە.

ئایا زۆر بەکارهێنانی ئەلکوهول کاریگەریی لەسەر تەندروستی چۆنە؟

ئەلکوهول دەگاتە هەمو ئۆرگانەکان و بە گشتی کاریگەریی لەسەر هەمو جەستە هەیە، هەم لەناو و هەم لە دەرەوەی جەستە. بەپێی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، WHO، زیاتر لە ٦٠ شەست نەخۆشی هەن کە پەیوەندیییان بە زۆر بەکاربردنی ئەلکوهولەوە هەیە. مرۆڤ پێداویستیان بەوە نییە کە ئاڵوودەی ئەلکوهول بن بۆ ئەوەی دووچاری نەخۆشی پەیوەست بە ئەلکوهولەوە بن، ئەمە دووچاری ئەوانەش ئەبێتەوە کە زۆر ئەخۆنەوە بەبێ ئەوەی ئاڵوودە بووبن.

مێشک
هەر لە ئەندازەی بچووکی ئەلکوهولەوە وا دەکات کە تۆ مەزەنەت، توانای بیرکردنەوە، یاد و توانای کاردانەوەت خراپتر بێت. تۆ خراپتر ئەخەویت و هەستەکانت کاریگەرییان لەسەر ئەکرێت. لە کاتی بەکارهێنانی بەرز و درێژخایەن، مێشک دێتەوەیەک و تۆ لەوانەیە تووشی هێرشی پەرکەم، خەڵەفان یان نەخۆشیەکانی تری مێشک بیت.
خەمۆکی
مەترسی تووشبوون بە خەمۆکی لە بەرز بەکارهێنانی ئەلکوهول بەهێز زیاد ئەکات. نیوەی خۆکوشتنەکان لە سوید پەیوەستە بە ئەلکوهولەوە.
دڵ و بۆریەکانی خوێن
خواردنەوەی کەم یان مامناوەند هیچ کاریگەرییەکی ئاشکرای لەسەر دڵ و بۆریەکانی خوێن نییە. بەڵام خواردنەوەی ئەندازەی گەورە لە ئەلکوهول دەبێتە هۆکاری ئەوەی مەترسی زیانلێکەوتن بخاتەوە. کاتێک تۆ ئەلکوهول ئەخۆیتەوە، لێدانی دڵ و پەستانی خوێن زیاد ئەکات. بۆ نموونە، لەرینی گوێچکەڵەی دڵ. ناکرێت بۆ پێشلێگرتن لە نەخۆشیەکانی بۆری تاجیی بەکارهێنانی ئەلکوهول پێشنیاز بکرێت.
دووگیانی
توانستی سکوزا لە بەرز بەکارهێنانی ئەلکوهولدا هەم لای ژن هەم لای پیاو کەم ئەبێتەوە. کۆرپەلە کاریگەریی لەسەر ئەکرێت ئەگەر دایکەکە لە ماوەی هەمو بەشەکانی دووگیانیدا ئەلکوهول بخواتەوە، بەڵام بە تایەبەت لە قۆناخی یەکەمیندا – هەتا پێش ئەوەشی کە ئەو بزانێت دووگیانە. ئەگەر تۆ ژنیت و دووگیانیت یان بەتەمایت دووگیان بیت، ئەوا باشترین ئەوەیە کە هەر بەتەواویی خۆت لە ئەلکوهول بە دووربگریت.

جەرگ
ئەلکوهول مەترسی شێرپەنجەی جەرگ زیاد ئەکات و یەکێکە لە هۆکارە ئاساییەکانی چەوربوونی جەرگ، سووتانەوەی جەرگ و جەرگ پووکانەوە.
پێست
بەرز بەکارهێنانی ئەلکوهول مەترسی خستنەوە یان خراپتر کردنی کاژۆکی(سۆریاسیس)، بیرۆ و ناڕەحەتیەکانی تری پێستە.
گەدە
بەرز بەکارهێنانی ئەلکوهول مەترسی گەدەسۆ(سووتانەوەی گەدە) و گەدەی ترش زیاد ئەکات.
ئێسکەپەیکەر
بەرز بەکارهێنانی ئەلکوهول مەترسی ئێسک پووکبوون و دەردەجومگە (نقرس) زیاد ئەکات.
خوێن
ئەلکوهول توانابوونی دروستکردنی خڕۆکەکانی خوێن سست ئەکات و لەوانەیە ببێتە هۆکاریی کەمخوێنی.
چڵککردن
لە ڕێگەی کاریگەریی ئەلکوهول لەسەر مۆخی ئێسک، خڕۆکە سپی یەکانیش کاریگەرییان لەسەر ئەبێت، کە ئەوان ئەبێت لەش لە چڵککردن (لێپیسکردن) بپارێزن. ئەمەش ئەبێتە هۆکاریی چڵککردنی زیاتر، بۆ نموونە هەڵامەتی درێژخایەن و چەندبارە بووەوە.
شێرپەنجە
ئەلکوهول مەترسی شێرپەنجە لەزۆر ئۆرگاندا زیاد ئەکات. پەیوەندیی ئاشکرا بۆ شێرپەنجەی ناودەم و گەروو، شێرپەنجەی جەرگ، شێرپەنجەی مەمک و شێرپەنجەی ڕیخۆڵە ئەستوورە هەن.

کامانەن مەترسیەکانی تر کە هەن لە زۆر خواردنەوەی ئەلکوهولدا؟

پێشهات
کاتێک کە مرۆڤ بە ئەلکوهول سەرخۆشە، هەنگاوی مەترسیانەی گەورەتر ئەنێت. نیزیکەی ٣٠٠٠ سێ هەزار کەس لە ساڵێکدا لە پێشهاتەکاندا لە سوید ئەمرن. لە نیزیکەی سێ یەکی ئەواندا ئەلکوهول لە ئارادیە. کەسانێ کە لەباری ئاساییدا کەم – یان مامناوەند ئەخۆنەوە، بەڵام ناوبەناو تا سەرخۆشبوون ئەخۆنەوە، لە بەشێکی گەورەی پێشهاتەکاندان.

توندوتیژیی
بەپێی ئاماری تاوان، بەشێکی زۆری لێدان و تاوانی توندوتیژیی، لای دەستدرێژی کەرەکە و/ یان دەستدرێژیلێکراوەکە، پەیوەستە بە بەکارهێنانی ئەلکوهولەوە.

کێشەی پەیوەندیی
بەرز بەکارهێنانی ئەلکوهول لەوانەیە زیان بە پەیوەندیکاری بگەیەنێت و پەیوەندیی لەگەڵ کەسانی نیزیک خراپتر بکات. لەسەرو یەک ملیۆن کەس لە سویددا کە نیزیک بەکەسێک ئەژین کە زۆر ئەخواتەوە، ئەڵێن کە ئەوان کاریگەریی نەرێنیان لەسەر کراوە.

دووکەڵکێشان و ئەلکوهول
دەرمانە جیاوازەکان هاوکاری ئەکەن، بۆ نموونە ئەلکهول و نیکۆتین کاریگەرییان لەسەر هەمان سیستەمی خەڵاتکردن(دەستخۆشیلێکردن) لە مێشکدا هەیە. هەروەها بۆچوونیش ئەوەیە کە نیکۆتین هەستەوەری بۆ ئەلکوهول زیاد بکات. ئەوەی کە ئەیەوێت بەکارهێنانی ئەلکوهول لای خۆی بگۆڕێت، شتێکی سوودبەخشە کە لە هەمان کاتدا واز لە دووکەڵکێشان یان توتن مژین(سنوس) بهێنێت. بە هەمان شێوەش لەوانەیە ئاسانتر بێت کە واز لە توتن بهێنرێت ئەگەر مرۆڤ لە هەمان کاتدا کەمی بکاتەوە یان واز لە ئەلکوهول بهێنێت.

ئایا ئاڵوودەبوون بە ئەلکوهول چییە؟

مەبەست لە ئاڵوودەبوون بە ئەلکوهول ئەوەیە کە مرۆڤ لەسەر خواردنەوەی ئەلکوهول بەردەوامە، سەرباری ئەوەش کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر تەندروستی خۆ، پەیوەندییەکان و بارودۆخی کۆمەڵایەتی هەیە. ئەوەی ئاڵوودەبووە زوربەی جاران هەست بە حەزبۆچوونی ئەلکوهول ئەکات و بەلایەوە زەحمەتە ئەندازەی ئەلکوهول سنووردار بکات. زۆربەی جاران، بەڵام نەک هەمدەم، گەشە بە بەرگەگرتنی ئەلکوهول ئەدرێت، تا ئەو ئاستەی کە مرۆڤ پێویستی بە خواردنەوەی زۆرتر هەیە تا بەهەمان کاریگەریی لەسەرکردن، یان ناڕەحەتی وازلێهێنان بگات، کە لەوانەیە بەشێک لە هەستکردنی ناخۆش بگەیەنێت کاتێک کە مرۆڤ واز لە خواردنەوە ئەهێنێت. ئاڵوودەبوون بۆ زۆر کەسان مانای ئەوەیە کە ئەلکوهول ڕۆڵێکی ناوەندی لە ژیاندا ئەبینێت، لەسەر حیسابی ئەوانی تر کە پێشتر گرنگ بوون، بۆ نموونە پەیوەندییەکان، پلەوپایە یاخود ئارەزوەکانی کاتی دەستبەتاڵی. ئەوەی ئاڵوودەی ئەلکوهول بوە، لە زۆر دۆخدا ئەزانێت کە ئەلکوهول کێشەیەکە، بەڵام کەچی ناشتوانێت ئەلکوهول سنوورداربکات یان واز لە خواردنەوەی بهێنێت

ئەم کەرتانەی کە دێن لە ئاڵوودەبوون بە ئەلکهولدا ئاسایین. بۆ ئەوەی بتوانرێت ئەوە دەستنیشان بکرێت کە ئاڵوودەبوون بە ئەلکوهول لە ئارادایە، مەرجەکەی ئەوەیە کە مرۆڤ لایەنی کەم سێ لەمانە پێکەوە و لە هەمان کاتدا، لەم ١٢ مانگانەی دواییدا بەسەرهاتبێت.

• تامەزرۆبوونێکی بەهێز یان زۆربۆهاتن بۆ خواردنەوەی ئەلکوهول، یان"سوێ"
• دژواری سنووردانان بۆ ئەندازەی زۆریی ئەوەی مرۆڤ ئەیخواتەوە، یان "کۆنتڕۆڵ لەدەستدان"
• بەکارهێنانی ئەلکوهول وا ئەکات کە کاتی کەمتر بۆ خەریکبوون بە کار، ئارەزوەکانی کاتی دەستبەتاڵی یان هاودەمیکردن لەگەڵ کەسانی تردا تەرخان بکرێت.
ئەندازەیەکی زۆرتر لە ئەلکوهول پێویست ئەکات بۆ گەیشتن بە هەمان کاریگەری لەچاو پێشتردا"بەرگەگرتن"•
• دەستی لەرزیو، ئارەقەکردنەوە، یان دڵەڕاوکێ پاش ئەوەی کە مرۆڤ ئەلکوهولی کەمکردەوە یان ناڕەحەتی (ناڕەحەتی وازلێهێنان)
• مرۆڤ بەردەوام ئەبێت لەسەر خواردنەوە سەرباری ئەوەشی کە ئەزانێت ئەلکوهول ئەبێتە هۆکاری کێشەی جەستەیی و دەروونی.

ئایا تۆ ئامادەیت خواردنەوەی ئەلکوهول لای خۆت بگۆڕیت؟

زۆرکەسان وا بیرئەکەنەوە کە گۆڕینی بەکارهێنانیان بۆ ئەلکوهول زەحمەتە. بەڵام لە ڕاستیدا بۆ زوربەی زۆریان لە وازهێنان لە دووکەڵکێشان ئاسایی ترە و لە زۆر ڕووەوە لە گۆڕینی نەریت خواردن یان دەستپێکردن بە مەشق ئەچێت.

تۆ بە دڵنیاییەوە پێتوایە کە هەم سوود – و هەم زیان لە خواردنەوەی ئەلکوهولدا هەیە – هەر بۆ زوربەی کەسان واشە. بەڵام ئایا چی کێشی سەنگین ترە؟ ئەوە تەنها تۆی کە ئەتوانیت بڕیار بدەیت کە چی بۆ تۆ برەوی هەیە و تۆ چۆنت ئەوێت. یا ئەوەتا بەردەوام بیت لەسەری وەک چۆن تا ئێستا کردووتە یان بەکارهێنانت بۆ ئەلکوهول بگۆڕیت.

هەنگاوێکی باش کە بینێیت، بەبێ ڕەچاوکردنی ئەوەی بڕیارت داوە یان هێشتام دوودڵیت، ئەوەیە کە ڕوونی بکەیتەوە کە کامانەن ئەو بەڵگەهێنانەوانەی کە هەن و بۆ تۆ گرنگن کە ئەو کەسە بیت کە ئەتەوێت.

ئامانجێک دابنێ

تۆ پێویست ناکات بڕیاری ئەوە بدەیت چی لە ماوەی ئەو ژیانەدا کە ماوتە بیکەیت. ئەگەر ئەتەوێت گۆڕانکاری بکەیت ئەوا پاڵپشتێکی باشە کە ئامانجێکی ئاشکرات بۆ ماوەیەکی بڕیارلەسەردراو هەبێت. بەڵام چی گونجاوە؟ بە تەمایت سنوور بۆ خۆت دابنێیت و مامناوەندیانە بخۆیتەوە یاخود بۆ تۆ وا گونجاوترە کە هەر بەتەواوی بۆ ماوەیەک لە ئەلکوهول بەدووربیت؟

دەست بە گۆڕانکارییەکەت بکە

کارێکی وا بکە کە لە ژیانی ڕۆژانەتدا هەندێک گۆڕانکاریی بکەیت کە یارمەتیت بدات بە ئامانجەکانت بگەیت. ئەوە لەوانەیە شتی وابێت وەک، ئەمبارێکت(زەخیرەخستن) لە ماڵەوە نەبێت، ئەلکوهول بە خواردنەوەی بێ ئەلکوهول بگۆڕەوە، زیاتر لەگەڵ ناسیاوەکانتا هاودەمیی بکە کە بتوانن پشتگیرییت بکەن یاخود بە چالاکیەکی تازەی خۆش دەستپێبکە لەو کاتانەدا کە تێایاندا ئەلکوهولت ئەخواردەوە.

خۆت گەڵاڵە بکە

بێ ڕەچاوکردنی ئەوەی کە تۆ بۆچی جارێک لە جاران دەستت بە خواردنەوەی زۆر کرد، ئەوا لە ئێستادا بەکارهێنانت بۆ ئەلکوهول پێکەوە لەگەڵ ڕۆژانی ئاساییت، خوەکانت و ڕۆتیناتەکانت دایە. ئەگەر تۆ پێ زانینت هەبێت کامانەن ئەو بارودۆخانە، بیروخەیاڵەکان و هەستەکانت کە تۆ بە ئەلکوهولەوە گرێی ئەدەیت، ئەوا دەرفەتێکی گەورەترت هەیە بۆ کاریگەرییکردن لەسەر بەکارهێنانت بۆ ئەلکوهول، کە بەرەو ئەو ئاراستەیە بەریت، کە خۆت ئەتەوێت.

بژارەی تازەی تر ببینەوە

لەوانەیە کە ئەلکوهول جاروبار وەک ڕێگاچارەیەکی کاتی بۆ ئەو کێشانەی بەسەرتاهاتوون کاری کردبێت ( وەک بۆ نموونە، دژواریەکانی خەو، سترێس یان کێشەکانی پەیوەندیی). بەوەی کە دەست بە خوی تازە بکەیت و ڕێگاچارەی باشتر بۆ ئەو کێشانە بدۆزیتەوە کە تۆ هەتە، ئەوا دوورکەوتنەوە لە خواردنەوەی زۆر ئاسانتر ئەبێت.

یارمەتی وەربگرە

بوونی کەسێک کە قسەی لەگەڵ بکەیت و کە یارمەتیت لە بژارکردنی(ڕوونکردنەوەی) بیرکردنەوەکانت و هەستەکانتا بدات و کە پشتگیریی ئەو گۆڕانکارییە بکات کە تۆ لە هەوڵی کردنیایت، بەبێ ڕەچاوکردنی ئەوەی ئایا هاوەڵێکە، ئەندامێکی خێزانە یان کەسێکی کارامەیە.

زۆر زوو خۆت مەیە بەدەستەوە

وا تەماشای بەکەرهێنانی ئەلکوهول بکە کە ئامانجێکی مەودادوورە. ئەوە پەسەند بکە کە لەوانەیە لەو ڕێگایەدا نوشووستیهێنان و هەنگاونان بەرەو ئاراستەی هەڵە بێتەئاراوە و مەیەڵە ئەوە تیشکۆی زۆر بخرێتە سەر یان بتوەستێنێت. تۆ ئەوەندەی ئەتەوێت هەوڵدان هەیە تاوەکو بەکارهێنانت بۆ ئەلکوهول بگۆڕیت.